بەشی ١
ئامۆژگاریەکانی خودا بۆ ژیانێکی هاوسەریەتی کامەران
«ئەی نەتان خوێندۆتەوە، کە دروستکەر لە سەرەتاوە مرۆڤی بە نێر و مێ دروستکردوە.»—مەتتا ١٩:٤
یەهوە a خودا بناغەی یەکەمین ژیانی هاوسەریەتی دانا. پەرتووکی پیرۆز پێمان دەڵێ ئەو ژنی دروست کرد و «بۆ پیاوەکەی هێنا». ئادەم زۆر دڵخۆش بوو و وتی: «ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و گۆشتە لە گۆشتم» (پەیدابوون ٢:٢٢، ٢٣). یەهوە ئێستاش دەیهەوێ ژیانی هاوسەریەتی هەموو کەس کامەران بێت.
ئەو کاتەی ژیانی هاوسەریەتی پێکدێنی، لەوانەیە بیر بکەیەوە هەموو شتێک بە باشترین شێوە بەرەو پێش دەچێ. لە ڕاستیدا ئەو ژن و مێردانەش کە بە دڵ یەکیان خۆش دەوێ تووشی گرفت دەبن (١ کۆرنسۆس ٧:٢٨). لەو نامیلکەیەدا، بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز دەدۆزیەوە، کە ئەگەر بەکاریان بهێنی، ژیانی هاوسەریەتی و بنەماڵەییت کامەران دەبێ (زەبوور ١٩:٨-١١).
١ ئەو ئەرکەی کە یەهوە بە تۆی ڕاسپاردوە بەجێی بگەیەنە
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: مێرد سەری خێزانەکەیەتی (ئەفەسۆس ٥:٢٣).
ئەگەر مێردی، یەهوە چاوەڕوانە بە هەستیاری ئاگاداری لە ژنەکەت بکەی (١ پەترۆس ٣:٧). ئەو هاوسەرەکەتی وەکو یاریدەر بۆ تۆ ئافراند و دەیەوێ تۆ لەگەڵ ئەو بە ڕێز و خۆشەویستیەوە ڕەفتار بکەی (پەیدابوون ٢:١٨). تۆ دەبێ هاوسەرەکەت ئەوەندە خۆشبوێ کە بخوازی پێداویستیەکانی ئەو لە پێش پێداویستیەکانی خۆت جێبەجێ بکەی (ئەفەسۆس ٥:٢٥-٢٩).
ئەگەر ژنی، یەهوە چاوەڕوانە بە دڵ ڕێز لە مێردەکەت بگری و یارمەتی بدەی تا ئەرکی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێ (١ کۆرنسۆس ١١:٣؛ ئەفەسۆس ٥:٣٣). پشتگیری بڕیارەکانی بکە و لە ناخی دڵتەوە هاوکاری بکە (کۆلۆسی ٣:١٨). کاتێک ئەو جۆرە ڕەفتار بکەی لە بەر چاوی مێردەکەت و ێەهوە جوان دەبی (١ پەترۆس ٣:١-٦).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
لە هاوسەرەکەت پرسیار بکە چۆن دەتوانی مێرد یان ژنێکی باشتر بی. بە باشی گوێی لێ بگرە، و بیر بکەوە کە چۆن دەتوانی باشتر ڕەفتاری لەگەڵ بکەی.
-
خۆڕاگر بە. بۆ هەر دووکتان کات دەخایێنێ هەتاکو فێر بن چۆن یەکتر دڵخۆش بکەن.
٢ لە دڵەوە بایەخ بە هەستی هاوسەرەکەت بدە
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: پێویستە بزانی هاوسەرەکەت دڵی بە چی خۆش دەبێ (فیلیپی ٢:٣، ٤). بایەخ بدە بە هاوسەرەکەت و لە بیرت بێت کە یەهوە بە پێویستی دەزانێ خزمەتکارەکانی «نەرم بن لەگەڵ هەموو کەس» (٢ تیمۆساوس ٢:٢٤). «هەیە هەڵەشەیەکەی وەک زەبری شمشیرە، بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە». بۆیە ئاگادار بە چۆن قسە دەکەی (پەندەکانی سلێمان ١٢:١٨). ڕۆحی پیرۆزی یەهوە یارمەتیت دەدا بە سەروڕوخۆشی و خۆشەویستێوە قسە بکەی (گەلاتیا ٥:٢٢، ٢٣؛ کۆلۆسی ٤:٦).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
پێش ئەوەی کە لەگەڵ هاوسەرەکەت دەربارەی شتی گرنگدا قسە بکەی بۆ لەسەرەخۆ بوون و دڵفراوان بوون بپاڕێوە.
-
بە وردی بیر بکەوە کە چی دەڵێی و چۆنی باس دەکەی.
٣ بە یەکگرتوویی بڕیار بدەن
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: ئەو کاتە کە هاوسەرگیری دەکەن ئیوە دەبنە «یەک جەستە» لەگەڵ هاوسەرەکەت (مەتتا ١٩:٥). بەڵام ئێوە دوو کەسی جیاوازن و لەوانەیە بیروبۆچوونی جیاوازتان هەبێ. بۆیە پێویستە بەیەکەوە فێربن کە یەک دڵ و یەک مەبەستتان هەبێت (فیلیپی ٢:٢). یەکگرتووی زۆر گرنگە لە بڕیارداندا. پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنەدی، بە ڕاوێژ بجەنگە» (پەندەکانی سلێمان ٢٠:١٨). ڕێگا بدە بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز ڕێنمایی تۆ بکات کە بتوانن بەیێکەوە بڕیارە گرنگەکانی ژیانتان بدەن (پەندەکانی سلێمان ٨:٣٢، ٣٣).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
لەگەڵ هاوسەرەکەت باسی هەستەکانت بکە، نە تەنیا باسی زانیاری و بیرووبوچونی خۆت.
-
پێش ئەوەی بڕیارێک بدەی هاوفکری لەگەڵ هاوسەرەکەت بکە.
a یەهوە ناوی خودایە لە پەرتووکی پیرۆزدا.