بەشی ٧
چۆن دەتوانن منداڵەکەتان بەخێو بکەن
«با ئەم ڕاسپاردانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لەسەر دڵتان بێت و بۆ منداڵەکانتانی بگێرنەوە.»—دواوتاری موسا ٦:٦، ٧
ئەو کاتە کە یەهوە بناغەی خێزانی دانا، ئەرکی منداڵ بەخێو کردنی بە دایک و باوک بەخشی (کۆلۆسی ٣:٢٠). ئەوە ئەرکی سەرشانی دایک و باوکە کە منداڵەکانیان فێربکەن خودایان خۆشبوێ و وەک کەسێکی ڕێکوپێک گەورەیان بکەن (٢ تیمۆساوس ١:٥؛ ٣:١٥). هەروەها تۆ پێویستە بزانی چی لەناو دڵی مندالەکانت دایە. بێگومان، نمونەی خۆت بەڕاستی زۆر گرنگە. تۆ دەتوانی زۆر بە باشی منداڵەکانت فێری وشەی یەهوە بکەی ئەگەر وشەی خودا لە پێشدا لە دڵی خۆت سەقامگیر بێت (زەبور ٤٠:٨).
١ وابکە منداڵەکانت بە ئاسانی قسەت لەگەڵ بکەن
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «لە گوێگرتن خێرا بێت، لە قسەکردن لەسەرەخۆ بێت» (یاقوب ١:١٩). تۆ بێگومان دەتهەوێ منداڵەکانت بۆ ئەوەی قسەت لەگەڵ بکەن هەست بە ئازادی بکەن. ئەوان دەبێ متمانەیان هەبێ هەرکات کە پێویستیان بە قسەکردن هەبێت تۆ گوێیان لێدەگری. ژینگەیەکی ئارام بۆ منداڵەکانت پێکبهێنە تاکو بەلایانەوە ئاسان بێ دڵی خۆیان بۆ تۆ هەڵبڕێژن (یاقوب ٣:١٨). ئەگەر ئەوان هەست بکەن کە دادگایی دەکرێن لە لایان تۆوە یان بەرامبەریان تووندوتیژ دەبی، لە وانەیە قسەی ناخی دڵیان بە ڕاستی بە تۆ نەڵێن. بەرامبەر منداڵەکانت دانبەخۆبگرە و بەردەوام دڵنیاییان بدەیە لەوەی کە تۆ خۆشتدەوێن (مەتتا ٣:١٧؛ ١ کۆرنسۆس ٨:١).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
ئەو کاتە کە پێویستیان بە تۆ هەیە ئامادە بە گوێیان لێ بگری.
-
بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ منداڵەکانت گفتوگۆ بکە نەک تەنها ئەو کاتانەی کە گیروگرفت هەیە.
٢ هەوڵ بدە بە وردی لە هەستی منداڵەکانت تێبگەی
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ئەوەی بایەخ بە ئامۆژگاری بدات چاکەی دەست دەکەوێت» (پەندەکانی سلێمان ١٦:٢٠). هەندێک جار پێویستە زۆر بە قوڵی گوێ بە وشەی منداڵەکانت بدەی تاکو لە هەستی ڕاستەقینەیان تێبگەی. گەنجان زۆر جار شت گەورە دەکەنەوە و لە باس کردنی هەستەکانیاندا بە جۆرێک قسە دەکەن کە لە ڕاستیدا مەبەستیان ئەوە نییە کە دەیڵێن (پەندەکانی سلێمان ١٨:١٣). زوو تووڕە مەبە (پەندەکانی سلێمان ١٩:١١).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
لەسەرخۆبە و قسەکانیان مەبڕەوە و شتەکان گەورە مەکەوە،ئیتر گرنگ نییە منداڵەکانت باسی چ شتێکت بۆ دەکەن.
-
هەوڵ بدە وەبیر خۆت بهێنیەوە هەستەکانت لە تەمەنی ئەواندا چۆن بوون و چ شتێک بەلاتەوە گرنگ بوو.
٣ بە یەکگرتووی خۆتان دەرببڕن
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ڕۆڵە، گوێ لە تەمبێکردنی باوکت بگرە و فێرکردنی دایکت پشتگوێ مەخە» (پەندەکانی سلێمان ١:٨). یەهوە دەسەڵاتی منداڵانی بە دایک و باوک داوە. دایک و باوک دەبێ منداڵ فێری ڕێز گرتن و گوێڕایەڵ بوون بکەن (ئەفەسۆس ٦:١-٣). منداڵەکان هەست دەکەن ئەگەر دایک و باوکیان لەبیروبۆچووندا یەکگرتوو نەبن. «لە یەک مێشک و بیردا یەکگرتوو بن» (١ کۆرنسۆس ١:١٠). کاتێک بیروبۆچوونتان لەگەڵ یەک جیاوازە لە لای منداڵەکانتان باسی مەکەن. چونکە ئەو کارە دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ڕێزی منداڵەکان بەرامبەری ئێوە.
ئێوە دەتوانن چی بکەن:
-
لەسەر شێوەی بەخێوکردنی منداڵەکانتان وتوووێژ بکەن و هاوبیر بن.
-
ئەگەر تۆ و هاوسەرەکەت بۆ ڕاهێنانی منداڵەکانتان بیرووبۆچوونی جیاوازتان هەیە، هەوڵ بدەن بیروڕای یەک لەبەر چاو بگرن.
٤ بەرنامە دابڕێژن
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «منداڵ بە ڕێگای پێویست پەروەوردە بکە» (پەندەکانی سلێمان ٢٢:٦). سەرکەوتوویی لە بەخێوکردنی منداڵەکانتان بە ڕێکەوت پێک نایە. بۆ بەخێو کردنی مندالەکانتان پێویستە بەرنامەتان هەبێ کە سەرزەنشت کردنیش دەگرێتە خۆ (زەبوور ١٢٧:٤؛ پەندەکانی سلێمان ٢٩:١٧). سەرزەنشت کردن تەنیا بە واتای سزادان نییە. بەڵکو سەرزەنشت کردن یارمەتی منداڵەکانتان دەدەا گرنگیەتی یاساکانی ناو خێزان تێبگەن (پەندەکانی سلێمان ٢٨:٧). هەروەها فێریان بکەن وشەی خودایان خۆشبووێ و بنەماکانی بناسن (زەبوور ١:٢). ئەوە یارمەتییان دەدا بۆ ئەوەی کە ویژدانێکی بەهێزیان هەبێت (عیبرانییەکان ٥:١٤).
ئێوە دەتوانن چی بکەن:
-
منداڵەکانتان دڵنیا بکەن لەوەی کە خودا کەسایەتیەکی ڕاستە و دەتوانن متمانەی پێ بکەن.
-
یارمەتییان بدەن مەترسییەکانی بەدڕەوشتی بناسنەوە و خۆیانی لێ بپارێزن و ئەو مەترسییانە زۆربەیان لە ڕێگای کۆمپیۆتەرەوەن. فێریان بکەن خۆیان لە منداڵباز بپارێزن.