بەشی ٤
خودا پەیمانێك لەگەڵ ئیبراهیم دەبەستێت
ئیبراهیم بەباوەڕەوە گوێڕایەڵی خودا بوو، یەهوەش بەڵێنی دا بەرەکەتی بەسەردا بڕێژێو نەوەکانی زۆر بکات
دوای ئەوەی نزیکەی ٣٥٠ ساڵ بەسەر لافاوەکەی نوحدا تێپەڕی، ئیبراهیمی سەرۆك هۆز لەشارێکی زۆر بەپیتوبەرەکەتی ناوچەی ئور کە ئەمڕۆ بەعێراق ناسراوە دەژیا. ئیبراهیم خاوەن باوەڕێکی زۆر پتەو بوو. بەڵام ئێستا باوەڕەکەی کەوتبووە ژێر تاقیکردنەوە.
یەهوە بەئیبراهیمی فەرموو شوێنی لەدایکبوونی خۆی بەجێبهێڵێتو بەرەو ناوچەیەکی نامۆ بڕوات کە پێی دەوترا کەنعان. ئیبراهیم بەبێ هیچ دوودڵییەك گوێڕایەڵی خودا بوو. خۆیو بنەماڵەکەیو کەلوپەلەکانی پێچایەوە، هەروەها سارا (ناسراو بە زارا) ی ژنیو لۆت ی برازای لەگەڵ خۆی بردو دوای بڕینی ڕێگایەکی دوورودرێژ گەیشتنە کەنعانو بوون بە چادرنشین. لەو پەیمانەی کە یەهوە لەگەڵ ئیبراهیم بەستبووی خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا نەتەوەیەکی گەورە لەو دروستبکات، کە هەموو خێزانەکانی سەرڕوی زەوی بەهۆیەوە پیرۆز دەبنو هەروەها نەوەکانی ئەو ناوچەی کەنعان دەگرنە ژێر ڕکێفی خۆیان.
ئیبراهیمو لۆت زۆر دەوڵەمەند بوون، مەڕو ماڵاتێکی زۆریان کۆکردەوە، ئیبراهیم بەشێوەیەکی خۆنەپەرستانە ڕێگای بە لۆت دا ئەو ناوچەیە هەڵبژێرێ کە ئارەزووی دەکات. لۆت ناوچەیەکی بەپیتوبەرەکەتی هەڵبژارد کە سەر بە ڕووباری ئەردەن بوو کەوتبووە نزیك شاری سۆدۆم. بەڵام خەڵکی شاری سۆدۆم بەدڕەوشت بوونو گوناهی گەورەیان دژی یەهوە دەکرد.
یەهوە دواتر دووبارە ئیبراهیمی دڵنیا کردەوە کە نەوەکانی ئەو ژمارەیان وەك ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر دەبن. ئیبراهیم متمانەی بەو بەڵێنە کرد. بەڵام تا ئێستاش سارای ژنی ئیبراهیم بە نەزۆکی مابووەوە. ئەوکاتەی ئیبراهیم تەمەنی ٩٩ ساڵ بوو و ساراش تەمەنی نزیکی ٩٠ ساڵ بوو، خودا بە ئیبراهیمی فەرموو ئەو و سارا کوڕێکیان دەبێت. قسەکەی خودا ڕاست دەرچوو، سارا ئیسحاقی بوو. ئیبراهیم منداڵی تری هەبوو، بەڵام ئەو ڕزگارکەرەی کە لە عەدەندا بەڵێنی لەسەر درابوو دەبوایە لە ڕێگای ئیسحاقەوە بێت.
بەدرێژایی ئەوماوەیەی کە لۆتو خێزانەکەی لە سۆدۆم دەژیان، لۆت ی پیاوچاك وەك بەدڕەوشتانی ئەو شارەی لێنەهات. کاتێ یەهوە بڕیاری سزادانی بەسەر سۆدۆمدا دا، پێشتر چەند فریشتەیەکی نارد تاکو لۆت سەبارەت بەو وێرانکردنەی کە بەڕێوەیە ئاگاداربکاتەوە. فریشتەکان هانی لۆتو خێزانەکەیان دا لەشارەکە ڕابکەنو پێیان ووتن ئاوڕ لەدوای خۆیان نەدەنەوە. دواتر خودا بارانی ئاگرینو گۆگردی بەسەر سۆدۆمو هەروەها گۆمۆڕادا باراند کە ئەویش شارێکی تر بوو لەپەنای ئەو شارە بەدکارە، هەموو دانیشتوانی لەناوبرد. لۆتو دوو کچەکەی ڕایانکرد، بەڵام ژنەکەی لۆت ئاوڕیدایەوە، لەوانەیە لەبەرئەوەی بەپەرۆشی ئەوشتانە بووبێ کە بەجێی هێشتبوون. باجی ئەو یاخیبوونە بوو بەهۆی لەدەستدانی ژیانی.
بەگوێرەی پێکهێنان ١١:١٠–١٩:٣٨.